بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، بۆڕیی ئاوی ئیفراز 3 بە تەواوی چاک کراوەتەوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاو دەگاتەوە ماڵان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکاتەوە و ڕایگەیاند: دوای کارکردنێکی چڕ و بەردەوامی تیمەکانمان، پرۆسەی چاککردنەوەی بۆڕی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی ئیفراز 3 (بە تیرەی 1500 ملم و لە جۆری GRP بوو) لە ماوەی پێوانەیی 14 کاتژمێردا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای گەورەیی قەبارەی زیان و شکانەکەی، بەهۆی ئامادەیی مەیدانی و هەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی چاککردنەوەی تەکنیکی و هونەریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە پێش کاتی پێشبینیکراو بە تەواوی چاککرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئێستادا، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3 کەوتووەتەوە کار و پرۆسەی پاڵاوتن و پەمپکردنی ئاو دەستی پێکردووەتەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ ئاو دەگاتەوە ناو عەمبارەکان و دواتر تۆڕەکانی دابەشکردن و ماڵی هاووڵاتیان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و خۆڕاگریی هاووڵاتیان لە ماوەی ڕابردوودا، پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوونی کارەکان لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دووپات دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.