وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ناکات کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە عومان لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی گەرووی هورمز ئەنجام بدرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن جەختیکردەوە کە مەنامە "نابێتە لایەنێک لە هیچ کۆبوونەوەیەکی بەکۆمەڵ کە ئێران تێیدا ئامادە بێت، ئەوەش تا ئەو کاتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبنەوە".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دیالۆگ و گفتوگۆ نابێت لەسەر بنەمای پشتگوێخستنی ڕاستییەکان بێت". بەحرێن لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕووبەڕووی "هێرش کراوەتەوە کە ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج" و تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی خستووەتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێگای باسە، ئەم هەڵوێستەی بەحرێن لە کاتێکدایە کە ئێران لە کاردانەوەی ئەو جەنگەدا، گەرووی هورمزی داخستووە و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لە عومان درێژەی هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.