بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەمشەو پێنجشەممە دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بیستراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێكە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزەوە.
ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی بڵاوی کردەوە: ئەمشەو چەند تەقینەوەیەك لە ناوچەی کەنارەک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕوویانداوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە دەنگی 6 تەقینەوەی دیكە لە هەردوو شاری بووشەهر و چگادەک بیستراوە، هاوکات باسی لە بوونی تەقینەوەی دیكەش لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران کردووە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە دوو رۆژی رابردوودا ئاڵۆزیی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوانیان بە تەواوی ڕاوەستاوە، هەردوولایەن تۆمەت ئاراستەی یەکدی دەکەن و هێرشە سەربازییەکان دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە.
ناکۆکییەكانی ئەمجارە بەهۆی پرسی گەرووی هورمز و ئازادی هاتوچۆی دەریایی و کەشتیوانی دەگەڕێتەوە، هەرلایەنێک هێورکردنەوەی دۆخەکە دەبەستێتەوە بە مەرجەکانی خۆیەوە، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نزیكبوونەوەی ناوچەکە لە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.