ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2026، لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیای نەوتی باکوور گرێبەستێکی فەرمیی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین لەگەڵ کۆمپانیای HKNی ئەمریکی واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژیی وەزارەت بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە وڵاتدا دێت.
وەزیری نەوت لە کاتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا ڕایگەیاند، کە ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکە هاوتایە لەگەڵ دیدگای حکومەت بۆ وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی سروشتیدا، بە جۆرێک کە هەم پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکات و هەم ئاستی هەناردەکردن بۆ دەرەوە بەرز بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، کە بەپێی بڕگەکانی گرێبەستەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی حەمرین دەگاتە 140,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها بڕی 40 ملیۆن پێ سێجا گاز (MMSCFD) بەرهەم دەهێنرێت.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم پڕۆژەیە، وەک وەزیری نەوت ئاماژەی پێدا، سوودوەرگرتنە لە گازی بەرهەمهێنراو بە جۆرێک کە گازەکە ناسووتێندرێت، بەڵکو بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ کێڵگەکە بەکاردێت و ئەوەی زیادیش بێت، بۆ پشتگیریکردنی پەستانی ناو کێڵگە نەوتییەکان (Injected) دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە. جەختیش کرایەوە کە دیدگای ئێستای حکومەت ڕاکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا و ئەوروپایە بۆ کارکردن بە بەرزترین ستانداردە جیهانییەکان، کە ئەمەش هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی و کۆمپانیاکانی عێراق دابین دەکات.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری نەوت دووپاتی کردەوە کە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان کە ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا ژینگەیەکی ڕاکێشەر و لەبارە. جێی ئاماژەیە، لە ڕێوڕەسمەکەدا جێگرانی وەزیر بۆ کاروباری دەرهێنان و گاز، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور، هەڵکەندنی عێراق، گەڕانی نەوتی و فەرمانگەی گرێبەستەکان ئامادە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.