ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (AFP) بڵاوی کردەوە، کە کەمێک پێش ئێستا دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە مەنامەی پایتەختی وڵاتی بەحرەین بیستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، هاوکات لەگەڵ دەنگی تەقینەوەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوە (صفارات الإنذار) لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەخت لێدراوە. ئەم ڕووداوە دوای تەنها چەند کاتژمێرێک دێت لە هەڕەشە و ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئێران، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو چەندین پێگەی سەربازی و کۆگای سووتەمەنیی ئەمریکای لە ناو خاکی بەحرەین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ کردووەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی بەحرەین هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی شوێنی وردی تەقینەوەکان و زیانە گیانی و مادییەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە توندی شڵەژاوە و فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبینرێن.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و مەیدانی جەنگەکە بۆ وڵاتانی کەنداو فراوان بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانەکانی ئەمریکا، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە کوێت، قەتەر و بەحرەین دەکاتە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.