ئیسماعیل بقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی تونددا وڵاتانی ئەوروپا و مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆی بە "بەشدار و شەریكی ڕاستەوخۆ" لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران ناوزەند کرد.
بقایی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد کە دانپێدانانە بەردەوامەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەوروپا لەم جەنگەدا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەوروپا لەم ململانێیەدا بێلایەن نەبووە و بەشێک بووە لەم دەستدرێژییە نایاساییە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد کە بنکە سەربازییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنراوە و ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی خاک، بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرش دابین کردووە، ناتوانن لە بەرپرسیارێتیی ئەو دەرەنجامە مەترسیدارانە ڕابکەن کە بەهۆی ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوەوە دروست دەبن. هەروەها ڕەخنەی توندی لە مارک ڕوتە گرت و ئەو ستایش و خۆهەڵکێشانە بەردەوامانەی سکرتێری ناتۆی بۆ خزمەتکردن لە "جەنگێکی نایاساییدا" بە نیشانەی "عەقڵییەتێکی پاشکۆیانە" وەسف کرد، جەختیشی کردەوە کە لە چاوی واشنتنەوە، ڕێکخراوێکی ناکارای وەک ناتۆ ناتوانرێت لە ڕێگەی پیاهەڵدان و ماستاوکردنەوە بکرێتە ڕێکخراوێکی کارا.
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر هەستیار و لێواری تەقینەوەی سەربازیدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەوروبەری شاری ئەهوازیان بۆردومان کرد و بووە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە. چاودێران پێیان وایە ئەم لێدوانانە پەیامێکی ڕوونی ئێرانە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا؛ کە هەر وڵاتێک ڕێگە بدات خاک و بنکە سەربازییەکانی دژی تاران بەکاربهێنرێن، وەک لایەنێکی شەڕکەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە لە کاتێکدان کە بڕیارە سبەی یەکشەممە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە سویسرا دەستپێبکەن، بەڵام پەرەسەندنە مەیدانی و میدیاییەکان ئاسۆی گەیشتن بە هەر لێکتێگەیشتنێکیان لێڵ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.