وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی چاککردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکی سوودمەند بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی تەمووز، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: تیمەکانی شارەوانیی هەولێر توانیویانە بە بەکارهێنانی 325 تۆن قیری بەرهەمهاتوو، ڕووبەری زیاتر لە دوو هەزار مەتر دووجا لە شەقامە تێکچووەکانی شارەکە نۆژەن بکەنەوە و قیرتاوی بکەن.
ئەو شوێنانەی کە کارەکانیان تێدا ئەنجامدراوە بریتین لە:
- شەقامە تێکچووەکانی چوارڕیانی مامز لە نزیک پارکی شانەدەر.
- شەقامی نێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێڵ لە گەڕەکی ئازادی.
- چاککردنەوەی بەشێک لە شەقامی 100 مەتری.
- نۆژەنکردنەوەی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکەکانی نازناز و ئاری.
- قیرتاوکردنی چەند شەقامێکی دیکە لە هەولێری نوێ، گەڕەکی کوردستان و ڕزگاری 2.
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و شارەوانیی هەولێردایە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی شەقامەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێو گەڕەک و شەقامە گشتییەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.