Erbil 31°C شەممە 11 تەمووز 16:19

وەزارەتی ناوخۆی سووریا: 18 کەس لە تەقینەوەکان بریندار بوون

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت، 18 کەس بریندار بوون کە لە نێویاندا4 ئەندامی پۆلیس هەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لە زاری وەزارەتی ناوخۆوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمنیی ناوخۆ لە کاتی کارە مەیدانییەکانیاندا دوو بۆمبی چێنراویان دۆزیوەتەوە، بەڵام لە کاتی ئامادەکاری تیمە تایبەتەکان بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بۆمبەکان تەقیونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە بۆمبەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی دروستکراون، یەکێکیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی ڕاوەستاو لە پەنای ڕێگەکە و ئەوی دیکەیان لە ناو تەنەکەیەکی خۆڵدا چێنرابوون.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دا و ڕایگەیاند: شوێنی تەقینەوەکە لە دەرەوەی ئەو ناوچە ئەمنییەیە کە بۆ شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەڕەنسا دیاریکراوە، هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر شوێنی مانەوەی یان بەرنامەی سەردانە فەرمییەکەی دروست نەکردووە و سەردانەکە بەپێی پلانی داڕێژراو بەردەوامە.

دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و تیمە تایبەتەکان دەستیان بە پشکنین و پاککردنەوەی ناوچەکە کردووە، لێکۆڵینەوەکانیش بۆ ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە بەردەوامە.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.