Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 22:51

لە ڤیەننا سیمپۆزیۆمێک بۆ جەنەڕاڵ شەریف پاشا ساز کرا

100%

ڕۆژی شەممە 4ی تەممووزی 2026، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، مەڵبەندی کوردیی ڤیەننا بە هاوکاریی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتوور، سیمپۆزیۆمێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی "جەنەڕاڵ شەریف پاشا (1865-1951) لە نێوان کاری دیپلۆماسی و خەونی دەوڵەتی کوردستان" ساز کرد.

کۆڕەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕووناکبیران، نووسەران و ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو کە تێیدا چەندین زانیاریی نوێی مێژوویی ئاشکرا کران.

یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی سیمپۆزیۆمەکە، ڕاگەیاندنی مژدەی دۆزینەوەی وەسیەتنامەی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان بوو. جوامێر بەختیار مستەفا، بەرپرسی ڕێکخراوی شەریف پاشای نێودەوڵەتی، ئاشکرای کرد کە دوای ساڵانێک لە گفتوگۆ و گومان، ئێستا بەپێی وەفاتنامەکەی و بەڵگە نوێیەکان دەرکەوتووە کە گۆڕی شەریف پاشا لە شاری کەتەنزاڕۆی وڵاتی ئیتاڵیایە نەک لە قاهیرە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا وەسیەتنامەکە لە ڕۆما وەردەگرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکاتەوە، کە زانیاریی تێدایە دەربارەی چۆنیەتی تیرۆرکردنی شەریف پاشا لەلایەن کەسێک بەناوی عەلی جەواد.

لە پەراوێزی سیمپۆزیۆمەکەدا، فیلمێکی دۆکۆمێنتاریی کورت لەسەر ژیان و خەباتی دیپلۆماسیی شەریف پاشا نمایش کرا. فیلمەکە لە دەرهێنانی نەژاد نەجم و مۆنتاژی عەلی ئاراس بوو، کە لەسەر بنەمای ئەرشیفی ئەکادیمیای شەریف پاشا ئامادە کرابوو. هاوکات، حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی شەریف پاشا لە دەرکردنی ڕۆژنامەی "مەشرۆتیەت" بە هەردوو زمانی تورکی و فەرەنسی لە فەرەنسا و کارامەیی ئەو لە بەڕێوەبردنی کارە دیپلۆماسییەکاندا. نووسەر و لێکۆڵەر ئەڤین چیچەکیش، باسێکی وردی لەسەر ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە پێشکەش کرد کە وڵاتانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و تورکیای ئەو سەردەمە دژ بە شەریف پاشا بەکاریان هێنابوو.

لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا، باس لە پڕۆژەکانی داهاتوو کرا، لەوانە سازدانی 18یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان لە نەورۆزی ساڵی 2027، کە بڕیارە بە هاوکاریی مەڵبەندی کوردیی ڤیەننا لە وڵاتە ئەڵمانی زمانەکاندا (نەمسا، ئەڵمانیا، سویسرا و لۆکسمبۆرگ) بەڕێوە بچێت. سیمپۆزیۆمەکە بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی دیاری وەک دانا شەدەڵە و عەلی ڕەزا گوێکتاش (هاوسەرۆکانی مەڵبەندی کوردیی ڤیەننا)، ئۆردیخانی جەلیلی جەلیل و هەڤاڵ خەجۆ بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی بونیادنانی لۆبییەکی کەلتووریی کوردی لە ئەوروپا کرایەوە. شاعیر ناسک حەمە غەریبیش بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێک کۆتایی بە چالاکییەکە هێنا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.