عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەموو فشارەکاندا بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و جەختیشی کردەوە کە تاران پابەندی پەیمانی خۆی بەرامبەر بە بەرەی بەرگری دەبێت و تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە وڵاتەکەی لەبیر ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاب، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: مەحرەم و عاشورای ئەمساڵ لە ئێران ڕەنگ و بۆنێکی جیاوازی هەیە، چونکە وەک خۆی دەڵێت نیشتمانەکەمان بووەتە ئامانجی دەستدرێژییە دڕندانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە پێناو ئازادی و شکۆدا شەهیدی بەخشیوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند کە لە مێژوودا بەهای نەتەوەکان بە هەوڵدان بۆ هەژموونگەرایی ناپێورێت، بەڵکو بە ئامادەییان بۆ قوربانیدان لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا دەپێورێت. گوتیشی: لە قوتابخانەی سەیدی شوهەداوە فێربووین کە مردن بە شکۆوە زۆر شەریفترە لە ژیان بە سەرشۆڕی، چونکە پاشەکشە و دەستبەرداربوون لە سەربەخۆیی، ناسنامەی بەکۆمەڵ و ئیرادەی نیشتمانی لەناو دەبات.
عەراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە ئایدۆلۆژی و ستراتیژییە، لە بەرامبەر هەموو فشارەکاندا ڕادەوەستێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لەسەر پەیمانی خۆیان لەگەڵ ڕێبەری باڵا جێگیرن و گوتی: تاوانەکانی دوژمن لەبیر ناکەین و چاوپۆشی لەو خوێنانە ناکەین کە بە ناهەق ڕێژراون
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە میراتی فیکریی وڵاتەکەی بریتییە لەوەی مردن بە شکۆوە شەریفترە لە ژیانی ژێر دەستەیی، و ئەمەش بە حیکمەتی هەمیشەیی بەرگری وەسف کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.