Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 20:57

بیونسێ لە تورکیا سەرکەوتنی یاسایی بەدەستهێنا و ڕێگری لە بەکارهێنانی ناوەکەی وەک مارکە کرد

100%

بیونسێ ئەستێرەی جیهانیی گۆرانیی ئەمریکی، توانی لە هەموو ئەو داوا یاساییانەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کە لە تورکیا دژی چەند کۆمپانیا و کەسێک تۆماری کردبوون، دوای ئەوەی هەوڵیان دابوو ناوەکەی وەک نیشانەی بازرگانی (Trademark) بەبێ ڕەزامەندی خۆی تۆمار بکەن.

بەپێی بەڵگەنامە دادوەرییەکان و زانیارییەکانی تۆڕی دادوەری ئەلیکترۆنی، سەرجەم دۆسیەکان لە بەرژەوەندی ئەو هونەرمەندە یەکلایی بوونەتەوە دوای ئەوەی گەیشتنە دادگای باڵا. فەرمانگەی 11ـەی شارستانی لە دادگای باڵا، بڕیارێکی دەرکردووە کە تێیدا جەخت لە نایاساییبوونی تۆمارکردنی ناوی بیونسێ وەک نیشانەی بازرگانی لەلایەن لایەنی دەرەکییەوە لە 3 دۆسیەی جیاوازدا کراوەتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی 4ـەم، لایەنی داواکراو پێش دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، داواکارییەکەی بۆ تۆمارکردنی ناوەکە کشاندەوە، ئەمەش بووە هۆی داخستنی دۆسیەکە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکاندا، یەکێک لە لایەنە داواکراوەکان لە پارێزنامەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە وشەی بیونسێ تەنها ناوێکی یەکەمە و تەنها بۆ ئەو هونەرمەندە نییە، هەروەها هۆشدارییان دابوو کە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ناوی یەکەمی کەسایەتییە بەناوبانگەکان دەبێتە پێشینەیەک و سنوور بۆ بەکارهێنانی ئەو ناوانە لە بواری بازرگانیدا دادەنێت.

سەرەڕای ئەو پاساوانە، دادگای باڵا پاڵپشتی لە مافەکانی ئەو ئەستێرە ئەمریکییە کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی ناوبانگە جیهانییە زۆرەکەیەوە، ناوەکەی پارێزبەندی یاسایی هەیە و دەبێت ڕێگری لە قۆستنەوەی بازرگانیی نایاسایی بکرێت. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزریی هونەرمەندەکە لەناو خاکەکانی تورکیادا هەژمار دەکرێت.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.