Erbil 31°C شەممە 04 تەمووز 18:31

دایکێک لە کەرکووک: ڕێگە نادەم خانووی کوڕەکەم بڕووخێنن

Kurdistan Ahmed
100%

لە میانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری کەرکووک، دایکێک بە توندی دژی بڕیاری ڕووخاندنی خانووەکانیان وەستایەوە و ڕایگەیاند کە ئامادەیە لە پێناو پاراستنی خانووی کوڕەکەی، گیانی خۆی فیدا بکات. ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە هات کە تیمەکانی شارەوانیی کەرکووک هەوڵیاندا دەست بکەن بە ڕووخاندنی ئەو خانوو و باڵەخانانەی کە بە "زێدەڕۆ" هەژمار دەکرێن لەسەر شەقامی پشتێن.

ئەو خانمە کە لە ناوەڕاستی خۆپێشاندەراندا وەستابوو، بە دەنگێکی پڕ لە تووڕەییەوە ڕایگەیاند: "دەیانەوێت خانووی کوڕەکەم بڕووخێنن، بەڵام من ڕێگەیان نادەم. با هەر ئێستا بێن بمخەنە ژێر خانووەکە و بەسەرمدا تەختی بکەن." ئەم لێدوانە گوزارشت لەو دۆخە پڕ لە گرژییە دەکات کە لەو گەڕەکانەی کەرکووک دروست بووە، کە تێیدا سەدان خێزان لە مەترسیی بێلانەبووندان.

ئەم ئاڵۆزییە لە کەرکووک لە کاتێکدایە کە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە پلانی هەیە بۆ پاککردنەوەی زەوییە گشتییەکان لە زێدەڕۆیی، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن چەندین ساڵە لەو شوێنانە نیشتەجێن و نابێت بەبێ دابینکردنی جێگرەوەی گونجاو ئاوارە بکرێن. لایەنە سیاسییەکانی کەرکووکیش لەسەر ئەم پرسە دابەش بوون؛ لەکاتێکدا بەشێکیان پشتگیری لە جێبەجێکردنی یاسا دەکەن، لایەنە کوردییەکان داوای ڕاگرتنی پڕۆسەکە دەکەن تاوەکو چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ دانیشتووانەکە دەدۆزرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.