دانیشتووانی گەڕەکەکانی سەر شەقامی پشتێن لە شاری کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەممووزی 2026، ڕژانە سەر شەقام و گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی بڕیاری ڕووخاندنی خانووەکانیان ئەنجامدا.
خۆپێشاندەران ئاماژەیان بەوە کرد، کە خانووەکانیان مەترسیی ڕووخاندنیان لەسەرە لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ ڕێکخستنەوەی ناوچەکە و لابردنی زێدەڕۆییەکان. بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە جەختیان کردەوە کە نیشتەجێبوونی ئەوان لەو شوێنانە بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە و ڕووخاندنی خانووەکانیان بەبێ دابینکردنی جێگرەوە، دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان.
بەگوێرەی وتەی بەشێک لە خۆپێشاندەران، لایەنێکی سیاسیی کوردی لە کەرکووک هاتووەتە سەر خەت و دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆسەی ڕووخاندنی خانووەکانی ئەو ناوچەیە دەربڕیوە. دانیشتووانی شەقامی پشتێن داوا لە ئیدارەی پارێزگاکە دەکەن کە پڕۆسەکە ڕابگرێت و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونیان بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە بکات.
شاری کەرکووک ماوەیەکە شایەدی هەڵمەتێکی چڕی لابردنی ئەو بینا و خانووانەیە کە بە "زێدەڕۆ" هەژمار دەکرێن، بەڵام ئەم هەنگاوانە لە زۆربەی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توند دەبنەوە. لایەنە سیاسییەکانیش زۆرجار بەهۆی هەستیاریی دۆخی دیمۆگرافیی شارەکە، دەستوەردان لەم جۆرە کەیسانەدا دەکەن تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک بگرن کە بەرامبەر بە هاووڵاتیان ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.