Erbil 31°C یەکشەممە 05 تەمووز 23:34

قەتەر: گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە

Kurdistan Ahmed
100%

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی دۆحەدا بەرەوپێشچوونی ئەرێنییان بەدەستهێناوە. بڕیاریش دراوە خولێکی تری گفتوگۆکان دوای تەواوبوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران بەڕێوە بچێت.

ئەنساری لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد، کە نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان لە شاری دۆحە کۆبوونەوەی جیاوازیان لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجامداوە. جەختی کردەوە کە لەم دیدارانەدا پێشکەوتنی باش لەبارەی ئەو پرسانە هاتووەتە ئاراوە کە پەیوەندییان بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد و دەرەنجامەکانی لووتکەی دەریاچەی "لۆسێرن"ـەوە هەیە.

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، کە هەموو لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان لە قۆناغی داهاتوودا. ئاماژەی بەوەش کرد، وادەی کۆبوونەوەی داهاتوو لە زووترین کاتدا و دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی دیاری دەکرێت.

عەلی خامنەیی لە ڕێککەوتی 28ی شوباتی ڕابردوو، لە ئەنجامی بۆردومانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا، و لە ئێستادا ئێران ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی فەرمیی ماڵاوایی لێ دەکات کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. گفتوگۆکانی دۆحە وەک هەوڵێکی نێودەوڵەتی دەبینرێن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگیرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.