ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا، ڕۆژی چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، ناوی 70 ئەندامی تری "ئەنجوومەنی گەلی کاتی" دیاری کرد، بەمەش پێکهاتەی پەرلەمان کە لە 210 ئەندام پێکدێت تەواو بوو.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو پەرلەمان یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە دوای ڕووخانی حوكمی پێشوو ئەنجام بدات، کە وەک تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ قۆناغی ڕاگواستن لەو وڵاتەدا دەبینرێت.
بەپێی مەرسوومە سەرۆکایەتییەکە، ئەو 70 ئەندامەی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشانکراون، کەسایەتیی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن، لەوانە ئەکادیمیست، کەسوکاری شەهیدان، ڕزگاربووانی چەکی کیمیایی و زیندانیانی پێشووی ناو گرتووخانەکانی ئەسەد. لە نێوان دەستنیشانکراوەکاندا 15 ژن و 55 پیاو هەن، کە تێیاندا ناوی کەسایەتیی وەک حەسەن سۆفان (سەرۆکی پێشووی ئەحرار شام)، ئەنەس عەبدە (سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن) و ڕۆزینا لاذقانی (ئەکتەری تەلەفزیۆنی) دەبینرێن.
ئەم پەرلەمانە نوێیەی سووریا، کە بۆ ماوەی 30 مانگ کار دەکات، ئەرکی سەرەکیی بریتی دەبێت لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی وڵات، جگە لە پەسەندکردنی یاساکان و بودجەی گشتی. پێشتر دوو لەسەر سێی ئەندامانی تری ئەنجوومەنەکە لە ڕێگەی لیژنە هەڵبژێردراوەکانەوە لە ناوچە جیاوازەکان دیاری کرابوون، بەڵام پڕۆسەکە لە هەندێک ناوچەی وەک سوەیدا و ناوچە کوردییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناڕەزایەتی بووەوە.
سەبارەت بە ناوچە کوردییەکان، هەرچەندە لە مانگی ئایاردا پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەران ئەنجامدرا، بەڵام بەشێک لە پارتە کوردییەکان ئەنجامەکانیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانە تەنها نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن. لە پارێزگای سوەیداش، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و ململانێ چەکدارییەکانی ساڵی ڕابردوو، هێشتا هەڵبژاردن نەکراوە، بۆیە سەرۆکایەتیی سووریا دوو ئەندامی بۆ ئەو پارێزگایە دەستنیشان کردووە تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە لەبار دەبێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هەرچەندە تەواوبوونی پێکهاتەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڵام حكوومەتی نوێی سووریا لە ژێر فشاری ڕەخنەگراندایە بەهۆی نەبوونی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و کۆکردنەوەی زۆربەی دەسەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکدا. ئەحمەد شەڕع پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم هەنگاوانە کاتین و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبن کە ژینگەیەکی ئەمنی و سیاسیی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی گشتی دەڕەخسێت، کە لە ئێستادا بەهۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری و نەمانی بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە کارێکی ئەستەمە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.