ئێران داوای لە فەرەنسا کرد کە "کارەکان ئاڵۆزتر نەکات" لە گەرووی هورمزدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا و هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا کردبوو.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند، کە بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە، پرسی پاککردنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز "بە تەنها مافی ئێرانە نەک هیچ وڵاتێکی تر."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە حكوومەتی وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ هەنگاوێکی لەو شێوەیە نادات و بارودۆخی ئێستای ناوچەکەی بە "هەستیار و ئاڵۆز" وەسف کرد. غەریب ئابادی ئامۆژگاری فەرەنسای کرد کە لە ڕێگەی "کارە ئیستفزازییەکانەوە" بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکات.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پرسی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بووەتە جێی بایەخی نێودەوڵەتی، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران لە ماوەی شەڕی ڕابردوودا بەشێک لە ڕێڕەوەکانی مینڕێژ کردبوو. لە کاتێکدا فەرەنسا و عومان دەیانەوێت هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوەکە، تاران وەک دەستوەردان لە سەروەریی خاکەکەی و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لەو هەوڵە دەڕوانێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.