ئەدمیرال براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و مەدەنیی هەریەک لە ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامدا. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت.
لە وێستگەی یەکەمی گەشتەکەیدا بۆ لوبنان، کووپەر لەگەڵ جوزێف عۆن، سەرۆک کۆمار و ڕوودۆڵف هێکل، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەیە مێژووییەی کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا واژۆ کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی سەربازی کردەوە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە سنوورەکان.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا، فەرماندەی سێنتکۆم بەسەرکردنەوەیەکی بۆ هێزەکانی ئەمریکای جێگیرکراو لە ئیسرائیل ئەنجامدا. کووپەر ستایشی ئاستی بەرزی ئەدای سەربازانی وڵاتەکەی کرد و دەستخۆشی لەو کارە "ناوازانە" کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکان ئەنجامیان داوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا زیاتر لە 50,000 سەربازی ئەمریکی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن. جەختیش کراوەتەوە کە ئەم هێزانە لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن. ئامادەیی ئەم ژمارە زۆرەی سەربازانی ئەمریکا وەک پەیامێکی حكوومەتی واشنتن دەبینرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و پشتگیریکردنی ئەو ڕێککەوتنە نوێیانەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان واژۆ کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.