Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 01:10

ڕاگه‌یاندراوێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

کوردستان TV
100%

له‌ سۆنگه‌ی هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌ و ده‌ڵێت پارتی هه‌موو ڕێگایه‌كی شه‌رعی گرتووه‌ته‌به‌ر له‌پێناو ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی سیاسی هه‌رێم و هه‌موو نه‌خشه‌ ڕێگاكانی سه‌رۆك بارزانی به‌ بایه‌خه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر كراوه‌.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی سیاسی..  

هاووڵاتیانی خۆشەویست

لایەنە سیاسییە بەڕێزەکانى بەشدار لە پەرلەمانى کوردستان

هەر لەدواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان و ڕاگەیاندنى ئاکامەکانى، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و خەمخۆرى بۆ بارودۆخى هەرێم، هەوڵەکانمان دەستپێکرد بۆ کاراکردنەوەى دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێم بەگوێرەى یاساى بەرکار.

 بەڵام سەرەڕاى پەیام و پەیوەندى و هەوڵە بەردەوامەکانى سەرۆک مەسعود بارزانى و پارتیمان بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە چارەسەرى ئەو کێشانەى کە بەربەستن لەبەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم و پێکهێنانى کابینەى دەیەم، بە خستنەڕووى ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەى گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەى ڕووبەڕوى پرۆسەى سیاسيی هەرێم بووەتەوە، بە کۆبوونەوەى دوو قۆڵى و چەندقۆڵى، دەستپێشخەرى، پێکهێنانى شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بە دەنگەوەهاتن و هەڵوێستى ئەرێنى پێویست بەرچاو نەکەوت.

بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچى زووتر دۆزینەوەى ڕێگەچارەى دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەى ئێستا، کە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودى تێدا نابینرێت.

 بۆیە کاتێک کۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لە گواستنەوەى باس و گفتوگۆى کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ بێ ئاکام بێ، فەرموون لایەنەکانى بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەى کورسیان زۆرە و چ ئەوانەى کورسى کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵى پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى بەرهەمدار و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو .

 هەموولایەکمان پابەندى ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەى پەرلەمانى کوردستان بین.

مه‌كته‌بی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.