دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئامادەکردنی دۆسیەی کاندیدکردنی 5 گوندی بۆ دەستپێشخەریی "باشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان" بۆ ساڵی 2026 تەواو کردووە. لەم کاندیدکردنە نێودەوڵەتییەدا، ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە.
لە کۆی ئەو 5 گوندەی کە فایلی کاندیدکردنیان ڕەوانەی ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Tourism) کراوە، 4 گوندیان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکان، کە بریتین لە:
1. بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە.
2. ڕواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
3. هەرور لە پارێزگای دهۆک.
4. میرکی لە پارێزگای نەینەوا.
(تەنها یەک گوند لە دەرەوەی ناوچە کوردستانییەکان کاندید کراوە کە ئەویش گوندی "ئەبو سوبات"ـە لە پارێزگای زیقار).
عەلی یاسین عەبدولڕەزا، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ڕایگەیاند: "تیمێکی تەکنیکی لە شارەزایانی باڵا، پشکنینێکی گشتگیریان بۆ تەواوی گوندەکانی عێراق ئەنجامداوە و دوای لێکۆڵینەوە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەم پێنج
گوندە وەک نوێنەری عێراق هەڵبژێردراون." جەختیشی کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە، پەرەپێدانی گەشتوگوزاری بەردەوام و پاراستنی شوێنەوار و ژینگەی ڕەسەنی گوندەکانە بەبێ دەستکاری کردنی مۆرکە مێژووییەکەیان.
دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەشتوگوزاری ژینگەیی و گوندنشینی تەوەری سەرەکیی پلانی ستراتیژیی دەستەکەن تاوەکو ساڵی 2035. بڕیاریشە لە ساڵی 2027ـدا کار بۆ کاندیدکردنی ژمارەیەکی زیاتری گوندەکان بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ ناوچە گوندنشینەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.