بە چاودێری و نێوەندگیریی ئەمریکا، هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و لوبنان واژۆیان لەسەر "ڕێککەوتنی چوارچێوە" کرد، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ و زەمینەخۆشکردن بۆ سەقامگیرییەکی هەمیشەیی. ڕێککەوتنەکە چەندین خاڵی هەستیار لەخۆ دەگرێت کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەدا دروست دەکات.
گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە:
1. بەدیهێنانی "ئاشتییەکی هەمیشەیی"
ئیسرائیل و لوبنان پابەندیی خۆیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشێکی بەردەوام دووپات کردەوە. هەردوو وڵات ئامانجی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری و بونیادنانی پەیوەندیی "دراوسێیەتیی باش" ڕاگەیاند، هاوکات جەختیان لە مافی هەر دەوڵەتێک کردەوە بۆ ئەوەی بە ئارامی لە سنوورەکانی خۆیدا بژی.
2. دانوستانی ڕاستەوخۆ و هەماهەنگیی سەربازی
لەمەودوا کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی "دانوستانی ڕاستەوخۆی دووقۆڵی" و بە پشتیوانیی ئەمریکا چارەسەر دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستە، "گروپێکی هەماهەنگیی سەربازی" لە لایەن هەردوو حکومەت و بە بەشداریی ئەمریکا پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە.
3. بێچەککردنی حیزبوڵا و کشانەوەی ئیسرائیل
ڕێککەوتنەکە ڕێگەیەک دیاری دەکات کە تێیدا سوپای لوبنان دەسەڵاتی سەروەریی تەواوی خۆی بەسەر هەموو خاکی وڵاتەکەدا دەسەپێنێتەوە. ئەمەش دوای "بێچەککردنی گروپە چەکدارە نافەرمییەکان و تێکدانی ژێرخانە سەربازییەکانیان" دێت (کە ئاماژەیە بۆ حیزبوڵا بەبێ ناوهێنانی). بەم هەنگاوەش سوپای ئیسرائیل پلە بە پلە لە خاکی لوبنان دەکشێتەوە. حکومەتی لوبنان جەختی کردەوە کە هیچ لایەنێکی تر مافی بەکارهێنانی هێزی نییە بەناوی دەوڵەتەوە.
4. جێگیربوونی سوپای لوبنان لە "ناوچە تاقیکارییەکان"
پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاک لەلایەن سوپای لوبنانەوە لە "دوو ناوچەی تاقیکارییەوە" دەست پێ دەکات، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دیاری دەکرێن. دوای بێچەککردنی ئەو ناوچانە، سوپای ئیسرائیل چۆڵیان دەکات و سوپای لوبنان تێیاندا جێگیر دەبێت. دواتر ئەم ئەزموونە بۆ ناوچەکانی تریش دەگوازرێتەوە. دوای جێگیربوونی سوپای نیشتمانی، ئاوارە مەدەنییەکان دەتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
5. ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی خاکی لوبنان
ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەنها وەک پەرچەکردار بووە بۆ سەر هەڕەشەکانی حیزبوڵا. تەلئەبیب جەختی کردەوە کە "هیچ ئامانجيکی بۆ داگیرکردن و کۆنترۆڵکردن لەسەر خاکی لوبنان نییە" و بە نەهێشتنی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان، چیتر پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی لە ناو خاکی ئەو وڵاتە نابێت.
6. ئاوەدانکردنەوەی لوبنان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنی داوە کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کۆبکاتەوە بۆ دابینکردنی پشتیوانیی دارایی و تەکنیکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان، چاککردنی ژێرخان و بوژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکە. لە بەرامبەردا، لوبنان پابەند دەبێت بەوەی ڕێگری بکات لەوەی ئەو پارانە بۆ بەرژەوەندیی گروپە چەکدارەکان بەکاربهێنرێن.
ئەم ڕێککەوتنە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، کە دەکرێت کۆتایی بە یەکێک لە درێژترین ململانێ چەکدارییەکانی ناوچەکە بهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.