بەکارهێنانی مەمەی وشک و مژینی پەنجە لە لایەن منداڵانەوە، یەکێکە لەو دیاردە باوانەی کە زۆرجار دایکان و باوکان تووشی دڵەڕاوکێ دەکات. هەرچەندە ئەم دوو خوە لە تەمەنی ساواییدا یارمەتی ئارامبوونەوەی منداڵ دەدەن، بەڵام بەردەوامبوونیان تاوەکو تەمەنی 2 بۆ 4 ساڵی دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕیزبەندی ددانەکان و گۆڕانی شێوەی شەویلگە.
چۆن منداڵ لە مەمەی وشک (تاتە) بڕبڕەیت؟
پسپۆڕانی پەروەردەی منداڵ چەند ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ وازهێنان لە مەمەی وشک پێشنیار دەکەن:
بڕینی سەری مەمەکە: دەتوانیت بە بڕینی بەشێکی بچووک لە سەری مەمەکە، وای لێ بکەیت کە منداڵەکە چیتر چێژ لە مژینی وەرنەگرێت و هەست بە جیاوازی بکات، ئەمەش وای لێ دەکات بە ویستی خۆی وازی لێ بهێنێت.
بەکارهێنانی چیرۆکی خەیاڵی: چیرۆکی "پەری مەمە" یان "باڵندەی مەمە" یەکێکە لە فێڵە سەرکەوتووەکان؛ بە منداڵەکە بڵێ کە پەرییەکە دێت و مەمەکەت لێ دەبات بۆ منداڵێکی بچووکتر و لە جیاتی ئەوە دیارییەکت بۆ جێدەهێڵێت.
سنووردارکردنی کات: سەرەتا تەنها لە کاتی خەوتندا مەمەکەی بدەرێ و لە کاتەکانی تری ڕۆژدا لێی بشارەوە، تاوەکو وردە وردە پێوەی ڕانەیەت.
چارەسەری مژینی پەنجەی گەورە
مژینی پەنجە قورسترە چونکە "ئامرازەکە" بەردەوام لەگەڵ منداڵەکەیە، بۆیە ئەم هەنگاوانە بگرە بەر:
هاندان و پاداشت: خشتەیەکی هەفتانە دروست بکە، بۆ هەر ڕۆژێک کە منداڵەکە پەنجەی نەژمی، "ستیکەر" یان نیشانەیەکی دەستخۆشی بۆ دابنێ و لە کۆتایی هەفتەدا خەڵاتێکی بچووکی پێ بدە.
دۆزینەوەی هۆکار: زۆرجار منداڵ لە کاتی سترێس، ترس یان بێزاریدا پەنجەی دەمژێت. هەوڵ بدە هۆکارەکە بدۆزیتەوە و لەو کاتانەدا بە یاری یان قسەکردن سەرقاڵی بکەیت.
تێبینی بە شێوەیەکی نەرم: هەرگیز هاوار بەسەر منداڵەکەدا مەکە یان شەرمەزاری مەکە، چونکە دڵەڕاوکێی بۆ دروست دەکات و زیاتر پەنا بۆ مژینی پەنجەکەی دەبات. تەنها بە شێوەیەکی هێمن بیری بخەرەوە.
چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر منداڵەکە تەمەنی 4 ساڵی تێپەڕاند و هێشتا بەردەوام بوو، یان ئەگەر دایکان و باوکان هەستیان کرد ددانی پێشەوەی منداڵەکە بەرەو دەرەوە هاتووە، پێویستە سەردانی پزیشکی ددانی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی ڕێنمایی وردتر و هەندێک جار بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بۆ ناو دەم بگرنە بەر.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ئارامگری و بەکارهێنانی زمانی نەرم، کلیلی سەرەکیی سەرکەوتنن لە وازهێنانی منداڵ لەم خووانە بەبێ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی دروست بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.