ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پێشبینی دەکات لە سەرەتای مانگی تەممووزی داهاتوودا، بە فەرمی کۆتاییهاتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی هانتا ڕابگەیەنێت، ئەمەش بەو مەرجەی تاوەکو ئەو کاتە هیچ تووشبوویەکی نوێ تۆمار نەکرێت.
- وادەی ڕاگەیاندن:
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، ئەگەر تاوەکو 2ی تەممووزی 2026 هیچ حاڵەتێکی نوێ تۆمار نەکرێت، پەتای هانتا بە کۆتاییهاتوو دادەنرێت.
- چاودێریی ورد:
تاوەکو ئێستا پشکنین و بەدواداچوون بۆ زیاتر لە 650 کەس کراوە کە بەرکەوتنیان هەبووە، ئەمانەش لە نێوان 33 دەوڵەت و ناوچەی جیاوازدا دابەش بوون.
- دۆخی کەرەنتینە:
زۆرینەی بەرکەوتووەکان ماوەی کەرەنتینەیان تەواو کردووە و تەنها 54 کەس ماون کە بڕیارە تاوەکو 2ی تەممووز ئەوانیش پڕۆسەکە تەواو بکەن.
سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە:
ئەم شەپۆلە لەسەر کەشتیی گەشتیاریی هۆندیۆس سەریهەڵدا کە لە ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوتبوو. تاوەکو ئێستا 12 حاڵەتی دڵنیاکراوە و 3 گیانلەدەستدان تۆمار کراون، کە بووە هۆی نیگەرانییەکی زۆری نێودەوڵەتی.
هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟
ڤایرۆسی هانتا لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ پاشماوەی جرج و مشکە تووشبووەکان دەگوازرێتەوە. مەترسیدارترین خاڵ لەم بڵاوبوونەوەیەدا ئەوە بوو کە جۆری ئەندێزی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکرا، کە تەنها جۆرە دەتوانێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە مەترسییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن بۆ پەرەپێدانی پشکنینی خێرا و ڤاکسین تاوەکو لە داهاتوودا ڕێگری لە هەر سەرهەڵدانێکی تری ئەم ڤایرۆسە بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.