Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 16:56

گەرما یادی میوزیک لە فەرەنسا تێکدەدات

Kurdistan Ahmed
100%

شەپۆلێکی توندی گەرما کە فەرەنسای گرتووەتەوە، کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر چالاکییەکانی "فیستیڤاڵی میوزیک" دروست کردووە، بەتایبەت لەو 35 ناوچەیەی کە باری ئاگادارکردنەوەی سووریان (بەرزترین ئاست) تێدا ڕاگەیەندراوە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە 41 پلەی سەدی، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڕیاریانداوە خواردنەوەی کحول لەو ناوچانەدا قەدەغە بکەن. ئەم بڕیارە بۆ ڕێگریکردنە لە تێکچوونی باری تەندروستیی هاووڵاتیان و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پشێوییەک کە ڕەنگە بەهۆی گەرما و کاریگەریی کحولەوە لە شوێنە گشتییەکاندا ڕوو بدات.

هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکان لە چەندین شار
خولی 45یەمینی ئەم فیستیڤاڵە ساڵانەیە، کە بڕیار بوو شەقام و کافتریای شارەکان پڕ بکات لە هونەرمەندان و میوزیکژەنەکان، لە چەندین شار بەهۆی توندیی گەرماکەوە هەڵوەشێنرایەوە. بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک پاریس، لیۆن و ستراسبۆرگ، شارەوانییەکان بڕیاریانداوە چالاکییەکان بەردەوام بن، بەو مەرجەی لەژێر چاودێری و ڕێکخستنی تونددا بن بۆ ئەوەی ڕووداوی نەخوازراو نەکەوێتەوە.

ڕێکارە ئەمنییەکان لە پاریس
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاریس ڕایگەیاندووە کە بۆ پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان، 4800 پۆلیس و جەندەرمە، لەگەڵ 2500 کارمەندی فریاگوزاری و تەندروستی لە ناو پایتەختدا بڵاوەیان پێ کراوە. هەروەها پیاسەکردن و کۆبوونەوە لە تەنیشت ڕووباری "سین" قەدەغە کراوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ئەوەی کەس بەهۆی گێژبوونی گەرماوە نەکەوێتە ناو ڕووبارەکەوە.

ئەم شەپۆلە گەرمایە، کە بە یەکێک لە توندترین شەپۆلەکانی ساڵانی ڕابردووی فەرەنسا دادەنرێت، نەک تەنها کەرتی گەشتیاری و هونەری، بەڵکو ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیشی پەکخستووە و حکومەتی ناچار کردووە ڕێکاری نائاسایی بگرێتە بەر.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.