Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 06:33

کلایڤ دەیڤیس لە تەمەنی 94 ساڵیدا ماڵئاوایی کرد

Kurdistan Ahmed
100%

کلایڤ دەیڤیس، بەرهەمهێنەری ناوداری مۆسیقای ئەمریکی و ئەو کەسایەتییەی کە بە "دۆزەرەوەی ئەستێرە مەزنەکان" دەناسرێت، ڕۆژی دووشەممە لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. خێزانەکەی لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە.

خێزانەکەی لە پەیامێکدا نووسیویانە: "ئەمڕۆ تەنها یادکردنەوەی کەسایەتییەکی گەورە نییە کە ڕوخساری مۆسیقای بۆ هەمیشە گۆڕی، بەڵکو یادکردنەوەی پیاوێکە کە بە حیکمەت، بەخشندەیی و میهرەبانییەوە سەرپەرشتی و ڕێبەریی خێزانەکەمانی دەکرد."

دەیڤیس، کە پێشتر بەڕێوەبەری کۆمپانیای "کۆڵۆمبیا ڕیکۆردس" بووە و دواتر کۆمپانیای "ئاریستا"ی بۆ بەرهەمهێنان دامەزراندووە، کاری لەسەر چەندین ستایلی جیاوازی مۆسیقا کردووە، لە ڕۆک و پۆپەوە تا دەگاتە هیپ هۆپ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ناوبراو لەم دواییانەدا بەهۆی کێشەی هەناسەدانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو و دواجار لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە.


کلایڤ دەیڤیس لە 4ی نیسانی 1932 لە ناوچەی بڕۆکلین لە نیویۆرک لەدایکبووە. سەرەتا یاسای خوێندووە و وەک ڕاوێژکارێکی یاسایی چووەتە ناو کۆمپانیای "کۆڵۆمبیا ڕیکۆردس"، بەڵام بەهۆی شارەزایی و دیدگای هونەرییەوە لە ساڵی 1966 بووە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە. دوای ئەوەی لە ساڵی 1973 لە پۆستەکەی لادرا، کۆمپانیای تایبەتی خۆی بە ناوی "ئاریستا" دامەزراند و دواتر لەگەڵ "سۆنی میوزیک" بەردەوام بوو لە کارکردن تا تەمەنێکی زۆر.

دەیڤیس بە "باوکی ڕۆحی" و دۆزەرەوەی چەندین ئەستێرەی جیهانی دادەنرێت، کە ناوبانگترینیان (ویتنی هیوستن) بوو. هەروەها ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ناساندنی بەهرەمەندانی وەک ئالیشا کیز، ئیرۆسمیس، بروس سپرینجستین و سانتانا. ئاریتا فرەنکلین، خانمە ئەستێرەی مۆسیقا، بە "گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆسیقا لە هەموو سەردەمەکاندا" وەسفی کردووە.

کۆچی دوایی کلایڤ دەیڤیس وەک کۆتاییهاتنی سەردەمێکی زێڕینی پیشەسازیی مۆسیقا دەبینرێت، کە تێیدا مۆسیقا لە ڕێگەی دۆزینەوەی بەهرە ڕاستەقینەکانەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.