ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، کە وڵاتەکە بەهۆی تێپەڕبوون بە قەیرانێکی دارایی یەکجار سەختدا، داوای پێداچوونەوەی بەپەلە بە پشکی وڵاتەکە لە ناو ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" دەکات.
بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە پرسی زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ناو ئۆپێک "بەوپەڕی جدییەتەوە" لێی بڕوانرێت، چونکە دۆخی دارایی وڵاتەکە چیتر بەرگەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان ناگرێت.
هەمان بەرپرس هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ڕێکخراوەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر داواکارییەکەی عێراق بۆ زیادکردنی پشکەکەی پشتگوێ بخرێت، بەغداد ناچار دەبێت "هەموو ئەو بژاردانەی لەبەردەستیدایە" تاوتوێ بکات. چاودێران ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک یان کشانەوە لە ڕێککەوتنەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لێکدەدەنەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی ساڵی 2026 و ڕووبەڕووبوونەوەی کورتهێنان، پێویستییەکی زۆری بە زیادکردنی هەناردەی نەوت هەیە، لە بەرامبەریشدا ئۆپێک هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیاریکردنی پشکەکانەوە نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە جێگیری بهێڵێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.