مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی نوێدا کە تێیدا تیشکی خستە سەر بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی و ئایینی، جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم کردەوە.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا کە ئاماژەیە بۆ فەرموودەیەکی ئیمام حوسێن (د.خ)، باسی لە کاتیبوونی ژیانی دونیا کرد و نووسیویەتی: "جیهان وەک ئەوە وایە کە هەرگیز نەبووبێت، و قیامەت وەک ئەوە وایە کە هەمیشە هەبووبێت."
سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر وانەکانی ئیمام حوسێن بۆ وەستانەوە دژی ستەم و وتی: "ئیمام حوسێن فێری کردین کە بە توندی لە دژی ستەمکاری، فریودانەکانی دەسەڵات و گەڕان بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتیدا بوەستینەوە. مرۆڤ دەتوانێت گیانی خۆی ببەخشێت، بەڵام ناتوانێت دەستبەرداری ئازادییەکەی بێت؛ دەکرێت بە تەنیا بوەستێت، بەڵام نابێت ڕاستی و حەقیقەت جێبهێڵێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پزیشکیان جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کردەوە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە و وتی: "پێویستە نە ستەم بکەین، نە ستەم قبوڵ بکەین، و نە لە بەرامبەر ستەمدا بێدەنگ بین."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و ئێران بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و سەرۆک کۆمار دەیەوێت لە ڕێگەی گوتارێکی ئایینی و مرۆییەوە، جەخت لەسەر سەربەخۆیی و بنەماکانی دادپەروەری بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.