Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 16:45

سێ دادوەری نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ترەمپ تۆمار دەکەن

100%

سێ دادوەری دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC)، کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە سزایان بەسەردا سەپێنرابوو، ڕۆژی چوارشەممە سکاڵایەکی یاسایییان لە دژی سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی تری واشنتن تۆمار کرد و سزاکانیان بە "نایاسایی" وەسف کرد.

لەو سکاڵایەدا کە لە نیویۆرک پێشکەش کراوە، هەریەک لە دادوەران (کیمبەرلی برۆست لە کەنەدا، سۆلۆمی بالۆنگی بوسا لە ئۆگاندا، و ڕێن ئەدێلاید سۆفی ئەلابینی-گانسۆ لە وڵاتی بێنین) جەختیان کردەوە کە ئەو سزایانەی ئیدارەی ترەمپ بەسەریدا سەپاندوون، ئامانجیان "دروستکردنی فشاری دەرەکی بووە لە دەرەوەی ڕێکارە دادوەرییەکان".

ئەم سزایانەی ئەمریکا کە دادوەرەکان و داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیشی گرتووەتەوە، گەشتکردنیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان قەدەغە دەکات و هەموو مامەڵەیەکی دارایی و کڕین و فرۆشتنی موڵک لە ناو ئەمریکا بۆیان پەکدەخات.

لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم سزایانە وەک پەرچەکردارێک بووە بەرامبەر بەو لێکۆڵینەوانەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (کە بارەگاکەی لە لاهایە) دەربارەی ئیسرائیل ئەنجامی داون، بەتایبەتی دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا.

دادوەرەکان لە سکاڵاکەیاندا دەڵێن، ئەم سزایانە مەبەست لێی "سزادانیانە" و بە کردەنی وەک "حوکمی لەسێدارەدانی دارایی" وایە بۆیان. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە "سەپاندنی سزای ئاوا توند بەسەر دادوەرە نێودەوڵەتییەکاندا کارێکی بێ وێنەیە لە مێژوودا" و داوای هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاکانیان کردووە.

جگە لە دۆناڵد ترەمپ، سکاڵاکە هەریەک لە مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوە و وەزیری خەزێنەی ئەمریکاش دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوە یاساییە وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە ململانێی نێوان دادگای نێودەوڵەتی و ئیدارەی ئەمریکا دەبینرێت، کە تێیدا دادوەرەکان دەیانەوێت سەربەخۆیی خۆیان لە فشارە سیاسییەکان بپارێزن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.