شەپۆلێکی گەرمای زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە، بووە هۆی پەککەوتنی تۆڕی کارەبا و بڕانی تەزووی کارەبا لە نزیکەی 68 هەزار ماڵ لە باکووری ڕۆژئاوای فەڕەنسا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پارێزگای "فینیستێر"ی کەناراو، بڕانی کارەباکە بەهۆی تێکچوونی گۆڕەرێکی سەرەکیی کارەبا بووە لەسەر تۆڕی نیشتمانی، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرماوە پەکیکەوتووە.
تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیاکانی کارەبای فەڕەنسا (RTE و Enedis) بە درێژایی شەوی ڕابردوو سەرقاڵی چاککردنەوەی کێشەکە بوون، کۆمپانیای کارەبای فەڕەنسا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە ناتوانرێت لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا کارەبا بۆ هەموو ماڵەکان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمڕۆ چوارشەممە پڕۆسەکە تەواو بێت.
ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە فەڕەنسا بەدەست بەرزترین پلەی گەرما لە مێژووی خۆیدا دەناڵێنێت. لە ئێستادا 58 ویلایەتی فەڕەنسا لەژێر "ئاگادارکردنەوەی سوور"دان (کە بەرزترین ئاستی مەترسییە). پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی نێوان "برێتانی" تاوەکو پاریسی پایتەخت، لە نێوان 39 بۆ 41 پلەی سیلیزیدا بن.
شارەزایان هۆکاری ئەم بارودۆخە توندەی کەشوهەوا بۆ دیاردەی قەتیسبوونی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی دەگەڕێننەوە، کە وایکردووە هەوای گەرم بۆ چەندین ڕۆژ لە ناوچەکەدا جێگیر بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.