سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزی ئاسمانی و دەزگای هەواڵگری "شین بێت"دا، فەرماندەیەکی دیاری یەکەی نوخبەی سەر بە باڵی سەربازی حەماس لە باکووری کەرتی غەززە کوژراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کەسە کوژراوەکە ناوی "زەهیر سوباعی عەبدولحەمید ئەبو حەسنا"یە و چەکدارێکی یەکەی "نوخبە" بووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەبو حەسنا یەکێک بووە لەو چەکدارانەی لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا بەشداربووە و دەستی هەبووە لە هێشتنەوە و پاسەوانیکردنی "عومەر شێم تۆڤ"، کە یەکێکە لە بارمتە ئیسرائیلییەکان لای حەماس.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ناوبراو لە ماوەی جەنگەکەدا ڕۆڵی هەبووە لە چاندنی بۆمبی چێنراو و لەم دواییانەشدا هەوڵیداوە شانەی چەکداری نوێ ڕێکبخات بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامییان هەیە و ئیسرائیل جەخت لەسەر بەردەوامی کردەنە ئامانجی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە دەستیان لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا هەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.