فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا ڕایگەیاند، کە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران، ئەمڕۆ جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە ئاسایی بەڕێوەچووە. سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە تەنها لە ماوەی ئەمڕۆدا، 55 کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی لە گەرووەکە تێپەڕیون و هیچ ئاستەنگێکیان نەیەتە پێش.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو کەشتیانەی ئەمڕۆ لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەوە تێپەڕیون، زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە. ئەم لێدوانەی سێنتکۆم وەک وەڵامێکی کردەیی و مەیدانی دێت بۆ ئەو بەیاننامەیەی قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێران کە باسی لە داخستنی گەرووەکە کردبوو. بەم ئامارانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا کۆنترۆڵی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەکات و ڕێگەی نەداوە هەناردەکردنی وزە بۆ جیهان پەکبکەوێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە و هەردوولا لە ڕێگەی لێدوانی سەربازی و دیپلۆماسییەوە فشار دەخەنە سەر یەکتر، بەڵام داتاکانی سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەدەن کە تاوەکو ئەم ساتە هاتوچۆی بازرگانی لە گرنگترین دەروازەی ئاویی جیهاندا بەبێ وەستان بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.