بەهۆی دواخستنی دانوستانەكان و نەبوونی متمانە بە سەركەوتنی رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبووەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە ڕێژەی 0.65% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە تۆمار كرد و گەیشتە 80.37 دۆلاری ئەمریكی.
بەهەمانشیوە نرخی نەوتی خاوی تێكساسی ئەمریكیش بەرزبووەوە، رێژەی 1.55%ی هاتەسەر و ئێستا بە 77.79 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حكوومەتی سویسڕا دواخستنی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانی راگەیاند كە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی شەوی رابردوو جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا گەشتەكەی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندبووەوە.
هەرچەندە كۆشكی سپی ئەمریكا هۆكاری دواخستنی دانوستانەكانی بۆ ئامادەكاری و كاروبارە لۆجیستییەكان گەڕاندبووەوە كە كاتێكی زیاتریان پێویستە، بەڵام تا ئێستا ترس و گومان لە ئەنجامدانی دانوستانەكان لەسەر ئاستی جیهان هەیە.
لای خۆیەوە ئاژانسی (ئەكسیوس) ئاماژەی بەوەداوە كە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی جەی دی ڤانس و دواخستنی دانوستانەكان پەیوەندی بە ئامادەكارییەكانەوە نییە، بەڵكو بەهۆی هەڵویستی ئێران بووە دژی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان كە ئەمەش بە پێشێلكردنی رێككەوتن و لێكتگەیشتنەكەی نێوانیان ئێران و ئەمریكا هەژمار دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.