Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 22:59

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کۆبووەوە

100%

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/18،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی کورد و ناوچە کوردییەکان لەو وڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەی ئەنجومەنی گەل له‌ سووريا تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەشداريی کورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریادا کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانیان.

لەو چوارچێوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ڕۆڵ و ئامادەییی کاریگەری (ئەنەکەسە) و گرنگیی یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە.

هه‌روه‌ها هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت.

لای خۆیەوە، شاندی میوان کورتەیەکیان دەربارەی چالاکی و هەوڵە سیاسییەکانی ئەنجومەنەکە خستە ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی بەردەوامی  نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان بۆ کورد لە سووریا دەربڕی.

مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جموجووڵەکانی ئەم دوایییەی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمباره‌يه‌وه‌، تیشک خرایە سەر سەردانی ئەم دوایییەی  تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى هاوبەشی لەگەڵ  نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی، کە تيایدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرايه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.