Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 06:46

مەسرور بارزانی سوپاسی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان کرد بۆ ئەو هەوڵە بێوچان و کۆششە بێ وێنەیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دایان بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەشتیاری جوانەمەرگ "ڕوقییە" کە خەڵکی شاری کەربەلا بوو.

 سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵوێستە نیشانەی کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستانە و بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە، هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە کرد کە ڕۆڵیان هەبوو لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ دەربڕین، لە خودای مەزن داواکار بوو گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت. سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆی لە زۆربوونی ڕووداو و کارەساتە دڵتەزێنەکانی خنکان لەم ماوەیەدا دەربڕی و ڕایگەیاند، کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕێکار و ڕێنماییە پێویستەکانی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان، بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار، بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو توندتر بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی داوا و تکای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد کە ڕێنماییەکانی سەلامەتی لەبەرچاو بگرن و زیاتر ئاگاداری پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان بن، بەو ئومێدەی خودای مەزن هەموو لایەک لە ڕووداوی نەخوازراو بپارێزێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.