Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 15:04

هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بە شکۆوە تەرمەکەیان بەڕێکرد

100%

دوای نۆ ڕۆژ، تەرمی ڕوقییەی 11 ساڵان لە چەمی زەڵمدا دۆزرایەوە و لە پزیشکی دادی هەڵەبجە توێکاریی بۆ کرا و ڕۆژی پێنجشەممە بە شکۆوە بەرەو کەربەلا بەڕێکرا.

نۆ ڕۆژ تەرمەکە لە ژێر داروبەردی ناو ئاوە ساردەکەی زەڵمدا بوو؛ بەپێی قسەی تیمەکانی تەندروستی و ئەو گەنجانەی بەدوایدا دەگەڕان، تەرمەکە لە نێوان دوو بەرددا گیری کردبوو، بۆیە نەدەدۆزرایەوە و بە ئاسانی دەرنەدەهێنرا.

ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکە بە شکۆوە لە هەڵەبجەوە بە تاجەگوڵینەوە بەرەو خورماڵ بەڕێکرا و هاووڵاتییانی شارۆچکەکە تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمەکەی دانا، پاشانیش لە سەیدسادق تەرمەکەی گوڵباران کرا و بەرەو کەربەلا بەڕێکرا.

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سوپاسی خەڵکی هەورامان و زەڵم و شارەزوور دەکەین، زۆر مەردانە بەدەم ئەم کارەساتەوە هاتن و زۆر ئاسوودەین کە کەمتەرخەم نەبوون لە ئاست ئەم ڕووداوەدا."

لەلایەکی دیکەشەوە باوکی قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی: "من لێرە هەستم بە نیگەرانی نەکردووە، کەس کەمتەرخەم نەبووە لەبەرامبەر ئەم ڕووداوە و زۆر بە جوامێرانە بەدەممانەوە هاتوون و کاریان کرد."

بەهۆی سەختی و نالەباری دۆخی چەمی زەڵم و ساردی ئاوەکەوە، نەتوانرا بە ئاسانی تەرمی کچەکە دەربهێنرێت، سەرئەنجام دوای نۆ ڕۆژ لە گەڕان و پشکنین تەرمەکە دۆزرایەوە و دەرهێنرا و ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.