لەکۆمەڵى کوردەواریدا شان بەشانى دەنگ و هونەرى هونەرمەندانى پیاو ، لەهەرچوارپارچەکەى کوردستان دا ئافرەت و ژنى کورد هاتوونەتە نێو کۆڕى تێکۆشانى هونەریەوە ، سەرەڕاى ئەو هەموو ئاستەنگى و لەمپەرە کۆمەڵایەتیانە لەبەردەمیاندا دروست بوون بوێرانە دەنگى بەسۆزو زوڵالیان هەڵبڕیوە لەنێو هەموو زاراوەکانى کوردستان دا ، بەستەو لاوک و ستران و هۆرە و حەیران و تەنانەت سروود یان خوێندووە.
لەو ماوەیەدا دەنگێکى بەسۆز و هەست بزوێن لەڕێی کەناڵى یووتوبەوە بەزاراوەى کەڵهوڕى گۆرانى ( نازداران دەستە دەستە)ى دەچڕى ، گۆرانى و دەنگە خۆشەکەى زیاتر کەمەندکێشى کردم تا بکەومە دوایی و ناو و کارە هونەرییەکانى بخەمە بەردییەى هۆگرانى دەنگ و ئاواز و موزیک و گۆرانى کوردى .
ئەو خاتوونە هونەرمەندە دەنگ ناسک و خۆشە ناوى ( پەریوەش ستوودە) یە و خەڵکى شارە جوان و دێرێنەکەى کرماشانى ڕۆژهەلاتى کوردستانە ، لەماوەى ژیانى هونەرییدا چەند گۆرانییەکى بەزمانى دایکى، زمانى شیرینى کوردى خوێندووە و پاشان ڕووى کردۆتە تاران و تێکەڵاو بەفەرهەنگ و هونەرى نەتەوەى فارس بووە و گۆرانى بەفارسیی خوێندووە.
بەرلەوەى ژیانى ئەو خاتوونە هونەرمەندە بخەینە ڕوو، لەڕۆژهەڵاتى کوردستان چەند خاتوونێکى دەنگخۆشیی دیکەشمان هەبووە بەهۆى بارودۆخى ژیان و بارى کۆمەڵایەتییەوە لەسەرەتاوە تێکەڵ بەهونەر و موزیکى فارسى بوون یەکێک لەو خانمە هونەرمەندانە خاوەنى دەنگێکى سەنگین وخۆش بووە، بەڵام بەزمانى شیرینى کوردى گۆرانى نەخوێندووە.
ئەو خاتوونە هونەرمەندە لەناو فەرهەنگ و کەلتوور و هونەرى ئاواز و موزیکى فارسیدا هونەرەکەى بە هونەرى ( کوچە بازاڕى ) ناسراوە ، ئەویش خانمە هونەرمەند ( گوڵئەندام تاهیرخانى) یە ناسراو بە ( سەوسەن 12/6/1943 ڕۆژى شەممە لەشارە جوانەکەى قەسرى شیرین) بەدنیا هاتووە .
لەڕێکەوتى 2/5/2004 ڕۆژى یەکشەممە لەشارى لۆس ئەنجلسى ولایەتى کالیفۆرنیاى ئەمریکا کۆچى دوایی کردووە .
پەریوەش ستوودە, لە ( 30 ى حوزەیرانى ساڵى 1937) لەشارى کرماشان لەخانەوادەیەکى کوردى ئەو شارە دێرینەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەدنیا هاتووە، ئەم خاتوونە هونەرمەندە یەکێک بووە لە گۆرانیبێژە ناودارەکانى وەزارەتى فەرهەنگ و هونەرى ئێران، دواى تەواو کردنى خوێندن لەقوتابخانەى ( شەهدۆخت) لەکرماشان چۆتە شارى تاران.
خاتوو پەریوەش ستوودە, لەخانەوادەیەکى هونەریدا گەشەى کردووە ، خاڵى یەکێکە لە ژەنیارە ناودارەکانى کرماشان و ئێران فەرەیدون حافزى 1926 کرماشان _ 2013 تاران ژەنیارى ئامێرى ( تار و سێ تار) بووە.
لەسەرەتاى کارى هونەرییەوە خاتوو پەریوەش ستوودە لە کۆنسێرڤاتۆرى نیشتمانى مۆسیقا قوتابى بووە لەفێرگەى هونەرى هونەرمەندانى ژەنیارى ناودارى ئێرانى نەسروڵلا زەرین پەنجە 1906_ 16/12/1981 تاران )، ( ئەبوحەسەنى سەبا15/4/1902 _ 19/12/1957 تاران) ، (حوسێن دێهلەوى30/9/1927_15/10/2019 تاران ) و( فەرامەرز پایور 10/2/1933_9/12/2009 تاران) زانستى مۆسیقا و گۆرانى وەرگرتووە.
دەستپێکى کارى هونەریی لەتەمەنى لاوییەوە بووە لەگەڵ ئۆرکێسترا بەناوبانگەکانى ئەوسەردەمى وەزارەتى فەرهەنگ و هونەرى ئێران کارى هونەریی ئەنجامداوە.
ئەم خاتوونە بەهرەمەندە دەنگخۆشە لەپەیمانگاى هونەرستانى مۆسیقاى میللیی لەتاران بەهاوکارى ئاوازدانەر و ژەنیارانى بەناوبانگى ئێرانى ( فەرامەرز پایور ، هۆشەنگ زەریف ، ڕەحمەتوڵڵا بەدیعى ، حەسەن ناهید ، محەمەد ئیسماعیل و محەمەد دڵنەوازى) گۆرانى کوردى و فارسیی خوێندووە.
خاتوو پەریوەش ستوودەى هونەرمەند ماوەى (21) ساڵ لەبوارى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى و فارسیدا لەگەڵ ئۆرکێستراى وەزارەتى فەرهەنگ و هونەر کارى کردووە تا شۆڕشى گەلانى ئێران لەساڵى (1979) و لەهونەرى گۆرانى خوێندن دوور کەوتۆتەوەو بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاوەتەوە سەرکارى هونەرى.
هەموو شەوانى چوارشەممەیەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى ئێرانى بەرنامەى مۆسیقى هەبووە و لەڕێی ئەو بەرنامەیەوە گۆرانى هونەرمەندان بڵاوکراوەتەوە ، یەکێک لەهونەرمەندە دیارەکانى ئەوکات ، ئاوازدانەر و ژەنیارى ڤیۆلۆن ( ڕوحوڵڵا خالقى1908_12/11/1965) لەگۆڤارى موزیکدا ، وتوویەتى بەهۆی دەنگی ئەم خانمەوە هەموو چوارشەممەیەک دادەنیشم بۆ تەماشاکردنی ئۆرکێسترای پایور،پەریوەش ستوودە ئایندەیەکی گەشاوە و باشى هەیە، خشتەی کارەکانم ڕێکدەخەم بۆ ئەوەی بتوانم هەموو چوارشەممەیەک گوێم لەم بەرنامەیە بەتایبەت دەنگی ئەم خانمە بێت.
ئەوە گەواهیدەرە ئەم خاتوونە هونەرمەندە کوردە دەنگ و هونەرەکەى لەنێو هەست و دڵى گوێگر و هەوادارەکانیدا کردۆتەوە و بەتامەزرۆییەوە گوێ لە بەرهەمە هونەرییەکانى بگرن، هەروەها یەکەم خانمە هونەرمەندى گۆرانیبێژ بووە کە دەنگى لەتەلەفزیۆنى نەتەوەیی ئێرانەوە پەخش کرابێت، لەبەر توانا و لێهاتوویی و خاوەنى دەنگێکى بەهێز و هەست بزوێن بووە زۆرجار دەنگى پەریوەش ستوودە بەراوورد کراوە بە دەنگى خانمە هونەرمەندى فارس( قەمەرخانم سەیدحەسەن خان ، ناسراو بە قەمر ملوک وەزیرى 1905_ 6/8/1959).
دەربارەى گۆرانییە کوردییەکانى خانمە هونەرمەند پەریوەش ستوودە ، زۆر گەڕام تەنها ئەو چەند گۆرانییە بەرچاوترین گۆرانییەکانى بوون بریتین لە ( نازداران دەستە دەستە ، عەمرەکەم ڕۆحەکەم ئەزیزەکەم سەڵتەنە ، ئاى لەیلى لەیلى ، بەوبەو ئەسمەریارم جوانە ، لەوکەلە دەنگى سازدێ ) لەکەناڵى یوتووب و ئینستاگرام زۆر گەڕام و بەدواداچوونم کرد تەنها ئەو چەند گۆرانییەم کەوتە بەرچاو .
لەدواى بەڕێکردنى 70 ساڵ تەمەن خانمە هونەرمەند پەریوەش ستوودە ، لەدواى شۆڕشى گەلانى ئێران وەک هونەرمەندانى دیکە ڕووى نەکردۆتە دەرەوەى ئێران ، لەتاران ماوەتەوە تا ڕێکەوتى (12/11/2007) بۆهەمیشە چاوەکانى دادەخات و ژیانئاوایی لەدنیا جوانەکەى هونەرى ئاواز و مۆسیقا و گۆرانى دەکات ، لە گۆڕستانى ( بەهەشتى زەهرا ) لەتاران دەنێژرێت.
دروود و سڵاو بۆ ڕۆحى هونەریی خانمە هونەرمەندى کورد پەریوەش ستوودەو ڕۆحى شادبێت .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 15/6/2026 سلێمانى .
سەرچاوەكان..
ویکى پدیا _ دانشنامە ازاد ، پریوش ستودە.
- سوپاس و ستایش بۆ هەریەک لەبەڕێزان ( نەجمەدین بەرزنجى _ ئەڵمانیا ) و ( عەلى لەیلاخى ) بەزانیارییەکانیان هاوکارم بوون .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.