Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 10:47

توێژینەوەیەک زیانه‌كانی دره‌نگ میزكردن ئاشكرا ده‌كات  

کوردستان TV
100%

نوێترین توێژینەوەکانی بواری میزه‌ڕۆ ئاشكرایان كردووه‌ کە مانەوەی میز بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو میزڵداندا ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریاکان دەڕەخسێنێت، ئەوەش مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ زیاد دەکات.

پزیشکانی پسپۆڕی میزه‌ڕۆ ڕێنماییمان ده‌كه‌ن کە نابێت میزکردن بۆ سێ بۆ چوار کاتژمێر زیاتر له‌ واده‌ی دوابخرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی میزەڕۆ گرنگه‌.

پسپۆڕان ده‌ڵێن: گرتنەوەی میز بە به‌رده‌وامی دەکرێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ببێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی میزڵدان و کشانیان، کە دواتر ره‌نگه‌ کێشەی وەک کۆنترۆڵنەکردنی میز یان دڵۆپە میز لە کاتی کۆکە یان پێکەنیندا لێ بکەوێتەوە.

توێژینه‌وه‌ تازه‌كان ده‌ڵێن: ئافره‌تان زیاتر بەرکەوتەی کاریگەرییەکانی ئەم خووەن، بەتایبەت دوای منداڵبوون یان لەگەڵ بە تەمەنداچوون، ئەمەش بەهۆی لاوازی ماسولکەکانی حەوزەوەیە.

 هەروەها خۆدوورگرتن لە بەکارهێنانی تەوالێتی گشتیی وادەکات هەندێک لە ئافره‌تان میزکردن بۆ ماوەیەکی درێژ دوابخەن.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: به‌رده‌وامی کاریگەری گرتنەوەی درێژخایەنی میز كار ده‌كاته‌ سه‌ر گورچیلەکان، بەهۆی ئەو پەستانەی کە لە ئەنجامی بەتاڵنەبوونەوەی دروستی میزڵدان دروست دەبێت، ئەمەش ئەگەری زیان و ئاڵۆزییە مەترسیدارەکان زیاد دەکات.

بۆ خۆپاراستن له‌م خووه‌ خراپه‌ش پسپۆڕان ئەم ڕێنماییانە دەخەنەڕوو:-

1- خواردنەوەی ئاو: رۆژانە 6 بۆ 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی چڕیی میز و کەمکردنەوەی ئەگەری هەوکردن و هەستیاری میزڵدان.

2- دانیشتنی دروست: پزیشكان ده‌ڵێن پێویسته‌ بە شێوەیەکی دروست لەسەر تەوالێت دابنیشیت بۆ خاوبوونەوەی ماسولکەکانی حەوز و ئاسانکردنی بەتاڵبوونی میزڵدان.

3- تەکنیکی بەتاڵکردنی دووبارە: ئەنجامدانی چاوەڕوانکردنی 10 بۆ 20 چرکە دوای میزکردن و پاشان هەوڵدانەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەتاڵبوونەوەی تەواوی میزڵدان.

پزیشکەكان جەخت دەکەنەوە کە وەڵامدانەوەی ویستی جەستە بۆ میزکردن لە کاتی گونجاودا تەنها پرسێکی ئاسوودەیی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی تەندروستی میزڵدان و گورچیلەکان.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.