سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا بە ئێران کە ئەمشەو پێنجشەممە بە توندی بۆردومانی وڵاتەكە دەکات، ڕاشیگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەنیازن دەست بەسەر گرنگترین پێگەکانی نەوت و غازی ئەو وڵاتەدا بگرن لە نێویاندا دوورگەی خارک.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیال) نووسیویەتی "ئەمشەو ئەمریکا بە هێزێکی یەکجار توندەوە بۆردومانی ئێران دەکات". ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئێران زۆربەی تواناکانی بەرگری خۆی لەدەستداوە لەوانە هێزی دەریایی، ئاسمانی، ڕادار و دژە فڕین".
ترەمپ لە بەردەوامی نووسینەکەیدا دەڵێت: لە داهاتوویەکی نێزیکدا دەست بەسەر دوورگەی خارک و تەواوی خاڵەکانی ژێرخانی نەوتی ئێران دەگرین و بە تەواوی کۆنترۆڵی بازاڕەکانی نەوت و غازیان دەکەین، وەک چۆن لەگەڵ فەنزوێلا کردمان.
دوورگەی خارک ناوەندێکی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە لە ئابووری ئەو وڵاتەدا، دوورگەكە چەند سەد کیلۆمەترێک لە گەرووی ستراتیژی هورمزەوە دوورە.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە سەرەتای جەنگەوە چەند جارێكی دیكە ئاماژەی بە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی ستراتیژی خاركی کردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.