پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە سنووری شارەدێی سیتەک، نزیکەی 600 دۆنم لە پووش، پاوان و دارستانی ناوچەکە سووتان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری شارەدێی سیتەک و لەنێوان ناوچەکانی (بزێنیان و کانی دڕکە) ڕوویدا، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانی سیتەک کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سیتەک و دانیشتووانی ناوچەکە بووە، هاوکات پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت: هاووڵاتییەکی خەمخۆری ناوچەکە بە ناوی (کاک پیادە) لەسەر ئەرکی خۆی 15 کرێکاری هێناوە بۆ یارمەتیدانی تیمەکان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.
سەبارەت بە زیانەکان، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشکرای کرد، ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی نزیکەی 600 دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانی سروشتی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە بە نادیاری ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.