وەزارەتی وزەی سعوودیە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوەکان و کەرتی وزە لە باشووری ئەو شانشینە، ئاگر کەوتووەتەوە و بەشێک لە چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی وزەی سعوودیە ڕایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، چەندین دامەزراوە و بنکەی کەرتی وزە لە ناوچەی باشووری شانشینەکە کراونەتە ئامانج و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست کردووە."
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: "بەئامانجگرتنەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە چەندین شوێندا، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاتیی هەندێک لە چالاکییە کارپێکردنەکان، هاوکات تیمە مەیدانییە تایبەتمەندەکان دەستیان بە کارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، پاراستنی شوێنەکان و هەڵسەنگاندنی زیانەکان کردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و نیشتەجێبووان، لە ئێستاشدا چاودێریی پزیشکیی پێویست پێشکەشی بریندارەکان دەکرێت، لە کاتێکدا کارەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بەردەوامن."
سەرچاوەکە جەختی کردەوە: "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ گەرەنتیی پاراستنی دامەزراوەکان و کارمەندان، هاوشان لەگەڵ بەردەوامبوونی کارەکان بەپێی پلانە کارپێکردنە پەسەندکراوەکان."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.