سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی دانیشتووانی شەش شارۆچکەی باشووری لوبنان کرد کە دەستبەجێ و بەپەلە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ئاگاداری و هۆشدارییەكە ئاراستەی دانیشتووانی هەریەك لە شارۆچکەکانی (سەرفەند، توفاحەتا، بابلییە، قەعقەعیەی سنۆبەر، مەڕوانییە و سەکسەکییە)كراوە.
لە دەقی هۆشدارییەکەی سوپای ئیسرائیل هاتووە: لەبەر ڕۆشنایی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵاوە و بەئامانجگرتنی سەربازانی ئیسرائیل لە ناوچەكانی ئێوەدا، سوپاكەمان ناچارە بە توندی لە دژیان بجووڵێتەوە.
لە ئاگادارییەکەدا هەروەها هاتووە: بۆ پاراستنی سەلامەتیتان، دەبێت دەستبەجێ ماڵەکانتان چۆڵ بکەن و بگوازرێنەوە بۆ باکوری ڕووباری زەهرانی، بەپێچەوانەوە هەر کەسێک لە نزیک چەکداران و بارەگا و كەرەستە شەڕكەرەكانی حزبوڵا بێت، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.
سوپای ئیسرائیل دوێنێ پێنجشەممە بەهەمانشێوە ئاگادارییەکی ئاڕاستەی سێ شارۆچکەی دیکەی باشووری لوبنان کردبوو و داوای لێكردبوون بەپەلە و دەستبەجێ ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، بەهۆی ئەوەی رەنگە ناوچەكە ڕووبەڕووی هێرش و بۆردومان ببێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.