مەقادیشۆ ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندوتیژی بووەتەوە و پێکدادانی قورس لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکاندا ڕوویدا، ئەوەش دوای قەیرانێکی سیاسی قووڵ کە بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی حەسەن شێخ مەحموودەوە سەری هەڵداوە.
شەوی چوارشەممە پایتەختی سۆماڵ شایەتی شەڕ و پێکدادانێکی توند بوو، کە تێیدا دووکەڵێکی زۆر بەسەر ئاسمانی مەقادیشۆوە بینرا و پۆلیسی وڵاتەکەش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژی گروپە چەکدارەکان ڕاگەیاند. ئەم توندوتیژییانە لە کاتێکدایە کە ناوەڕاستی پایتەخت بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە گرژییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی وڵات، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا، ئەمەش وایکرد لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندانی گەورە بکەن. پۆلیسی سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکە بە مەبەستی لێدانی ئەو میلیشیا چەکدارانەیە کە بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر چەند گەڕەکێکی مەقادیشۆ و ئاسایشی وڵاتیان خستووەتە مەترسییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، حەسەن عەلی خەیری، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سۆماڵ، ڕایگەیاندووە کە لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی ئۆپۆزسیۆن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گۆڕیبوو. وتەبێژی پۆلیس جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سۆماڵ جارێکی دیکە کەوتووەتەوە ناو کێشەیەکی سیاسی کراوە، بەتایبەت کە ئێستا 2 هەفتە بەسەر کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی حەسەن شێخ مەحموود تێپەڕیوە و ناوبراو هێشتا لە پۆستەکەی ماوەتەوە. ئەم قەیرانە دوای ئەوە هات کە لە مانگی 3ـی ئەمساڵدا، حکومەت هەمواری دەستووری پەسەند کرد بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە 4 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ درێژ بکرێتەوە، کە ئۆپۆزسیۆن ئەمە وەک پلانێک بۆ مانەوەی سەرۆک لە دەسەڵاتدا دەبینێت.
لە کاتێکدا لایەنگرانی سەرۆک پێیان وایە درێژکردنەوەی ماوەکەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و یاساییە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە توندی دژی ئەم هەنگاوەیە و داوای ئەنجامدانی خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکات. بڕیار بوو هەڵبژاردنەکان لە مانگی 6ـی ئەمساڵدا بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخە ئاڵۆزەوە ئەنجامدانیان لە کاتی خۆیدا بووەتە کارێکی ئەستەم. جگە لەم قەیرانە سیاسییە، سۆماڵ نزیکەی 20 ساڵە بەدەست هێرش و چالاکییەکانی بزوتنەوەی "شەباب"ـی توندڕەوی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەوە دەناڵێنێت، کە کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانی خاکی ئەو وڵاتەیان کردووە و ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییەش دەرفەتێکی زیاتر بۆ ئەو گروپە چەکدارانە دەڕەخسێنێت تاوەکو چالاکییەکانیان پەرەپێبدەن و زیان بە ئاسایشی ناوچەکە بگەیەنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.