یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژی هەینی بە فەرمی چوارچێوەی سزاکانی دژی ئێران فراوانتر کرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشانەی کە تاران دەیکاتە سەر ئازادیی دەریاوانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی گەرووی هورمز.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا، سزاکانی ئەمجارە ئەو کەسایەتی و لایەنانە دەکاتە ئامانج کە تێوەگلاون لە داڕشتنی ئەو سیاسەت و هەنگاوانەی ئێران کە دەبنە مەترسی بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم بڕیارە نوێیەی یەکێتیی ئەوروپا، کە دوای ڕێککەوتنێکی سیاسیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە مانگی نیساندا دێت، ڕێگە دەدات بە قەدەغەکردنی گەشتکردن و بلۆککردنی سەرمایە و دارایی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە تۆمەتبارن بە پەکخستنی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی.
ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا جەختی کردەوە، کە ئەو هەنگاوانەی ئێران دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز دەستیپێکردووە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی تێپەڕبوونی ئازادی کەشتییەکانە لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.