بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و ئەگەری بارانبارین هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئایار بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند: ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەوردا دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا کەمێک باران لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ببارێت. پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ 1 بۆ 2 پلە نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە 21ـی ئایار بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت. پێشبینی دەکرێت دووبارە هەورەبرووسکە و گەواڵەبارانی بەهاری لە ناوچە شاخاوییە جیاجیاکان، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر و ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین چالاک ببێتەوە.
کەشناسی ڕاشیگەیاند: لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە، خێرایی با چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی 30 کم/ک، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە. پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:-
| شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | چوارشەممە | پێنجشەممە |
| هەولێر | 25 | 26 |
| سلێمانی | 23 | 24 |
| دهۆک | 25 | 24 |
| هەڵەبجە | 25 | 26 |
| زاخۆ | 25 | 24 |
| چەمچەماڵ | 25 | 26 |
| سۆران | 23 | 24 |
| پیرمام | 21 | 22 |
| گەرمیان | 29 | 31 |
| حاجی ئۆمەران | 14 | 13 |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.