میدیاكانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە چەکدارێک لە نزیک پارێزگای مێرسین لە باشووری توركیا، تەقەی كردووە و بەهۆیەوە 4 کەسی کوشتووە و 8 کەسی دیکەشی بریندار کردووە.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، گومانلێکراوەکە سەرەتا لە ناو چێشتخانەیەک تەقەی کردووە و خاوەنی چێشتخانەکە و کارمەندێکی کوشتووە و هەروەها چەند كەسێكی دیكەشی لەناو چێشتخانەكە بریندار کردووە، دواتریش لە کاتی هەڵهاتندا دووبارە تەقەی كردووە و دوو پیاوی دیکەشی كوشتووە.
یەکێک لە قوربانییەکان گەنجێكی شوانكارە بووە كە لە كاتی ڕووداوەكە لە نزیک چێشتخانەکە مەڕەکانی دەلەوەڕاند. ڕووداوەکە لە چێشتخانەیەک لەسەر ڕێگەی سەرەکی لە دووری 40 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای مێرسین ڕوویداوە.
بەگوێرەی زانیاری شایەتحاڵەكان تەقەکەرەکە گەنجێکی تەمەن 17 ساڵانە و لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە مانگی نیسانی ڕابردووشدا، مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە قوتابخانەی یەکێک لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا تەقەی هەڕەمەكی لە قوتابییان کرد، بووە هۆی کوژرانی 9 قوتابی كە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 11 ساڵ بوو، هەروەها مامۆستایەکیش كوژرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.