Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 00:27

سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی ئه‌نجامدا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌نجامدا و زنجیرەیەك ڕێنمایی بۆ وەزیرەكان دەركرد، لەوانەش داوای كرد له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان سەروەت و سامانی دارایی خۆیان ئاشكرا بكەن.


فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە : عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی یەكەمین كۆبوونەوەی ئاسایی كابینەی حكوومەتی كرد و زنجیرەیەك ڕێنمایی بۆ وەزیرەكان دەركرد.

ئاماژە بەوەشكراوە : زەیدی گوێی لە پلان و پێشنیاره‌كانی وەزیرەكان گرتووە سەبارەت بە دۆخی ئێستای وەزارەتەكانیان و باسیان لە ڕێگاكانی پەرەپێدانی چارەسەری گشتیی بۆ كێشە تایبەتەكانیان كردووە.

 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زەیدی كۆمەڵێك ڕێنمایی بۆ وەزیرەكان دەركردووه‌، له‌وانه‌ش داڕشتنی نەخشەڕێگایەك بۆ جێبەجێكردنی سیاسەت و ئامانج و ئەولەویەتەكانی حكوومەت كه‌ ئامانج تیایدا خزمەتكردنی هاووڵاتییان و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان و ئابووری و بەرزكردنەوەی ئەدای دامەزراوەكان بێت.

بەگوێرەی بەیاننامەكە زەیدی ئاڕاستەی پەرەپێدانی سیاسەتێكی ئابووریی گشتگیری بۆ وڵات كردووه‌ كه‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك پاكێجی بڕیارداندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌لدا بكرێت ئه‌وه‌ش له‌پێناو زیادكردنی بڕی داهات و په‌ره‌دانی زیاتر به‌ كه‌رتی حكوومی.

زه‌یدی له‌ كۆبوونه‌كه‌دا، وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی خێرا لەسەر كاراكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ كۆمەڵگە عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.

جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی وەزارەتی كارەبا دوو راپۆرت ئامادە بكات، یەكێكیان تایبه‌ت بێت به‌ چارەسەركردنی دەستبەجێ بۆ قەیرانی كارەبا لەم هاوینەدا و ئەوی دیكەشیان پلانی درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی تۆڕی كارەبا.

 هاوكات وەزارەتی تەندروستی ئاڕاستە كرد كە یاسای بیمەی تەندروستی كارا بكات.
عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق داواشی كرد هەر وەزارەتێك لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا ئەولەویەتەكانی خۆی دەستنیشان بكات بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی حكوومەتەوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.