بەرگریی شارستانی سۆران ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە دۆزینەوەی دوایین تەرمی رووداوە دڵتەزێنەكەی رووباری گەلی عەلی بەگی راگەیاند، بەمەش پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەكان دوای 14 رۆژ كۆتایی هات.
بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند: دوێنێ پێنجشەممە لە کاتژمێر 5:45ی ئێوارە، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن خەڵکی گوندی (هستریا) بە هەبوونی تەرمێک لەناو ڕووباردا، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی مەبەست و تەرمەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان، دەرکەوت کە تەرمی دواین قوربانی بێسەروشوێنبوو (ئادەم خورشید)ـە، دواتریش تەرمەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانسەوە گوازرایەوە بۆ پزیشکی دادی لە سۆران.
راشیگەیاند: بەمەش پرۆسەی چڕوپڕی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو سێ قوربانییە گەنجەی کە لە ڕێکەوتی 1ی ئایاری 2026 لە ئەنجامی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ کەوتنە ناو ڕووباری گەلی عەلی بەگ، پاش 14 ڕۆژ و کارکردنی بەردەوام، بە کۆتا هات.
تەرمی یەكەمی رووداوەكە كە تەرمی (لاوەند خورشید)ی تەمەن 7 ساڵان بوو، لە رێكەوتی 5ی ئایار واتە چوار رۆژ دوای رووداوەكە دۆزرابووەوە، تەرمی دووەمیش تەرمی مینای عیسای تەمەن 17 ساڵ بوو كە رۆژی 12ی ئەم مانگە واتە دوای 11 رۆژ لە ڕووداوەكە و لە بێسەرشوێنبوونی، دۆزرابووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.