سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە یەکەم پەیامیدا دوای متمانەوەرگرتنی کابینەکەی لە پەرلەمان، سوپاسی هێزە سیاسییەکان دەکات و جەخت لەسەر چەسپاندنی سەقامگیری دەکاتەوە.
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند: سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم بۆ متمانەدان بە حکوومەت کە ئەم هەڵوێستە بەرژەوەندیی نیشتمانی و گیانی هاوبەشی و بەرپرسیارێتی نیشان دەدات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم متمانەیە ئەمانەتێکی گەورەیە و پەیمانێکە بۆ گەلی عێراق تاوەکو بە جێگیری بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری، بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت، و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان لە گەشەپێدان، دادپەروەری و ژیانێکی شایستە هەنگاو بنێن.
ئەم پەیامەی زەیدی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کارنامەی وزاری و کابینەی حکوومەتەکەی بەخشی، تاوەکو بە فەرمی دەستبەکار بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.