گوته‌بێژی بەڕێوەبەرایەتی حه‌ج و عومڕه‌ی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، به پێی ئه‌و خشته‌ی دانراوه تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە دوو هه‌زار حاجی هەرێمی كوردستان به سه‌لامه‌تی و به‌بێ كێشه و گرفت گه‌یشتوونه‌ته شاری مه‌ككه لە وڵاتی سعوودییە و ده‌ستیان به ئه‌ركه ئایینه‌كان كردووه.
كاروان ستوونی گوته‌بێژی بەڕێوەبەرایەتی حه‌ج و عومڕه رایگەیاند: ئه‌مرۆ چوارشەممە یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به‌ره‌و وڵاتی سعوودییه به‌ڕێ ده‌كه‌وێت كه ژماره‌یان 147 حاجییه، به‌م پێیه ژماره‌ی ئەو حاجییانەی كوردستان كە ئه‌مرۆ ده‌گه‌نه سعوودییه ده‌گاته زیاتر له 2000 حاجی.
كاروان ستوونی هه‌روه‌ها رایگەیاند: ئه‌مساڵ له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو حاجیانی كوردستان به فرۆكه گه‌شتی وڵاتی سعوودییه ده‌كه‌ن و له رێگه‌ی هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی له سلێمانی.
ئاماژەشی دا: حاجییان هه‌ر له فرۆكه‌خانه‌كانه‌وه هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان بۆ كراوه له وه‌رگرتنی پلیتی فڕۆكه به‌تایبه‌ت له وه‌رگرتنی جانتا به جۆرێك حاجی له ماڵه‌وه جانتاكه‌ی بۆ ده‌چێته به‌رده‌م ژووره‌كه‌ی له كه‌عبه‌ی پیرۆز به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌دوایدا بگه‌رێت.
گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه گوتیشی: رۆژانه تیمه‌كانی ته‌ندروستی له‌ناو حاجیاندان بۆ چاودێریكردنی ته‌ندروستییان، ئەمە جگە لەوەی كە هه‌موو ڕۆژێك سێ ژه‌م خواردن به ده‌ستی شیفی كوردستان له 22 بۆفیه‌ی كراوه‌دا پێشكه‌ش به حاجیان ده‌كرێت.
له كۆتاییدا كاروان ستوونی دڵنیایی دایە ته‌واوی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه ناویان بۆ حه‌جی ئه‌مساڵ ده‌رچووه، كە به پێی ئه‌و خشته‌ی دانراوه خشته‌ی چوونی حاجیان وه‌كو خۆی به بێ كێشه و گرفت به‌رێوه‌ده‌چێت و رۆژی 17/5/2026 دوا كاروانی حاجیانی كوردستان ده‌گه‌نه وڵاتی سعوودییه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.