دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە بە پەرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی گەشتەکەی بۆ وڵاتی چین دەکات و ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی، وەسفی چینی کرد بە "وڵاتێکی سەرسوڕهێنەر" و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی ئەو وڵاتە دەربڕی. لە پەیامەکەیدا بە تایبەتی ئاماژەی بە سەرۆکی چین کرد و وتی: "سەرۆک 'شی' سەرکردەیەکە کە لەلایەن هەمووانەوە ڕێزی لێدەگیرێت."
سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا کە ئەم سەردانە ئەنجامی گرنگی بۆ هەردوو وڵات دەبێت و ڕایگەیاند: "شتی زۆر گەورە بۆ هەردوو وڵاتەکە ڕوو دەدەن."
ئەم لێدوانە ئەرێنییانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین بایەخێکی جیهانییان هەیە. چاودێران پێیان وایە ئەم زمانە دیپلۆماسییە نەرمەی ترەمپ بەرامبەر بە هاوتا چینییەکەی، ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی نوێ بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ستراتیژی و ئابووری لە نێوان دوو زلهێزە گەورەکەی جیهاندا.
پێشبینی دەکرێت لە سەردانەکەیدا، ترەمپ و شی جین پینگ چەندین دۆسیەی گرنگی بازرگانی و سیاسی تاوتوێ بکەن، کە وەک ترەمپ ئاماژەی پێ کردووە، ئامانج لێی بەدیهێنانی دەستکەوتی هاوبەشە بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و چین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.