سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئایار، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەی بوون ، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە .
سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .سەرۆکی حکوومەت پشتگیریی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆک کۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.